پاریس: لەچوارچێوەی کارو چالاکییەکانی فیدراسیۆنی کۆمەڵێن کورد لە فەرەنسا (FAKF) شاندی فیدراسیۆن ڕۆژی سێشەممە 05 / 07 / 2022 سەردانی نوێنەراتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەلایەن د.عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرەم لە فەرەنسا پێشوازی لێ کرا.
لەسەرەتای دیدارەکەدا بەڕێز شوکری بەرواری سەرۆکی فیدراسیۆن تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی سەرەتایی دامەزراندنی فیدراسیۆن و ئەو ئامانجانەی فیدراسیۆن لە سەر کار دەکات و ئامادەیی فیدراسیۆن بۆ پشتیوانیکردن لەکار و چالاکییەکانی نوێنەراتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا کرد.
دوایی بەڕێز ئەردلان عەبدوڵڵای جێگری سەرۆکی فیدراسیۆن باس لە گرنگیی دیاسپۆرای کوردی کرد بەتایبەتی لەفەرەنسا لەبەر پێگەی گرنگی فەرەنسا لە بڕیاردانی نێودەوڵەتی و گرنگی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی دووقۆڵی هەردوو گەلی کورد و فەرەنسی، ئەویش لە ڕێگای سازدانی کور و سیمینار و چالاکی هونەری و کلتوری.
شاندەکەی فیدراسیۆنی کۆمەڵێن کوردی فەرەنسا گرنگیی ڕێکخستنی دیاسپۆرای کوردی لە فەرەنسا دووپاتکردەوە و باسیان لەپرۆژەی سازکردنی کۆنفرانسێک بەرفراوان کرد لە پاریس تایبەت بە (( ڕەوشی دیاسپورای کوردی لە هەندەران وبارودۆخی کوردستان بەگشتی و مەترسی و ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان )).
لە لایی خۆیەوە، بەڕێز دکتۆر عەلی دولەمەری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەفەرەنسا بەخێرهاتنی شاندی فیدراسیۆن کرد و پشتیوانی مادی و مەعنەوی بۆ فیدراسیۆنی دووپاتکرد، لەچوارچێوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بایەخدان بە ڕەوەندی کورد لە هەندەران کە هەمیشە وەک سامانێکی نەتەوەیی گەلەکەمانە .